Bane Literary Society

انجمن ادبی بانه‌

 

سه‌ره‌تا     چیرۆک     شێعر      وتار      هه‌واڵ      وتووێژ     کتێب     فستیڤاڵ   دراوسێکان

 

خۆشەویستی

 

بێگانە نیم ،

دەگەڵ خەم و

ئاشنامن

هەموودڵدارانی مێژوو!

٭٭

ئەوەی لە ناو ئاوێنە دا

بانگم ئەكا ،

تەمەنی چواردە ساڵیمە !

 

كە ئاوێنە ،

دەكەم بە قیبلەی شەوانەم

هەرزەكاریم وەخەبەر دێ و

بانگم ئەكا و

چاو دادەگرێ !

 

كاتێ قژە زێوینەكان

شانە دەكەم

دەستێكی ڕەش

لە ئاوێنە دێتە دەرێ  و

سێبەر ئەخاتە سەر سەرم !

لەو كاتە دا گەنج ئەنوێنم !

باوەڕئەكەم كە ئاوێنە

بێ وێنەتر ؛

لە دۆستەكانی تەمەن و

بێ هاوتاتر لە مێژووە !

٭٭

كە كاڵێ دێ بە پیرمەوە و

جانتای شێعرم

لێ وەردەگرێ و

بەپەرداخێ شەربەتی

خۆشی خۆماڵی ،

دەستم دەگرێ و

چاوی پرسیاری ئەبڕێتە

چاوی حەزم !

وا هەست دەكەم

خۆشەویستی

شەپۆل ئەخوا ،

لە ناو دەریای چاوەكانی و

منیش پاپۆڕی ئامێزم

ئەكەم بە داڵدە و پەنایەك

ستار بگرن؛

كاڵێ و شێعر و

كارمامزی خۆشەویستی !

٭٭

ماوەیەكە ،

لەیلا نامەم بۆ نانێرێ !

شەوان بەدزی

لە پەنجەرەوە ناڕوانێ !

ئێوارانە ،

لەبەر دەگا دانانیشێ و

جوابی تاقە زەنگەكانی ،

تەلەفوونیش ناداتەوە !

دایكم ئەڵێ :

ڕۆڵە تۆ ئافرەت ناناسی !

ئەو كاتانەی واهەست ئەكەی

زۆر لێت دوورە ،

لە ڕەگی مل نزیك ترە و

زۆر جارانیش ،

كە هەست دەكەی

موویەك ناچێ بە نێوانتان !

دوورترە لێت

بارتەقای دووری ئاسمان !

٭٭

هێندە بڕوام

بەو چاوە مەنگانەی تۆیە ؛

كە پووش بڕوای بە ئاگرە و

مل بە پەت و

دڵ باوەڕی بە دەبانە !

٭٭

كاتێ سەرم ئەگوێزمەوە

لە سەر سنگت

بۆ سەر زەوی ؛

باوەڕ دەكەم

دایك وشێعر و

نیشتمان و خۆشەویستم

مێهرەبانن !

٭٭

متمانە ناكەم بە سەفەر

لەو ڕۆژەوە ،

تۆكۆچت كرد !

لەو ڕۆژەوە ،

هەركەس خوێنگری هەتاو بوو

گۆرانی تاڵی خۆرئاوا

بوو بە وێردی سەر زمانی !

٭٭

دوێنێ شەقام

وەك خەمەكانم

ڕەش پۆش بوو !

نە مناڵان یاریان ئەكرد

نە لاوەكان ،

نەشەی پیاسەی شەقامیان بوو

هەر لەو كاتە ؛

هێز و دەسەڵات و قانوون

بێ ماناتر وشە ی ڕۆژ بوون

لە فەرهەنگی جەماوەر دا !

 

ئەمڕۆ شەقام ،

شایلۆغانە !

شار دەبریسكێ چاوەكانی!

یەكیەتی دەكەن بە جێژن

سوور و زەرد و ئەرخەوانی!

 

ک. د . ئازاد

خانه    کارگاه داستان     شعر     مقاله‌      گزارش     گفتگو‌     کتاب   فستیوال    پیوندها