Bane Literary Society

انجمن ادبی بانه‌

 

سه‌ره‌تا     چیرۆک     شێعر      وتار      هه‌واڵ      وتووێژ     کتێب     فستیڤاڵ   دراوسێکان

 

كارنامەی دە ساڵ تێكۆشانی ئەنجومەنی ئەدەبی بانە  1378- 1368

بە دامردنی ئاوری شەڕ و پێوەدانی درگای هەڕەشە زام دەمی كردەوە ، ئازار باڵای كرد و ئەو گیانە نەتەوەییەی كە تا ئەو كاتە گەرمە برین بوو ئۆقرەی بێ هەتوانی لێ هەڵگیرا و دەستی كسپە لە بن و بەربینگی كانی و قرخەی ڕۆشنبیری وپێشكەوتن لە ژێر قەدی قەبەی تاریكی دا بە بەژنێكی غەمناكەوە كەوتنە ڕوو . هاواری كۆڵان و شەقام و شار و ناوچە و مەڵبەند و ناوەندەكان بۆ فریاگوزاری و ئاوەدان كردنەوە و درووست كردن و بنیاد نانێكی تازە بەرز بووە. بریسكەی دڵۆپەی بیر و بریقەی چاوی هەست بۆ بەدەستە و گرتنی گۆڕەپانی ژیان و گەڕانەوەی بایەخەكانی و ڕزگار كردنی لە پەلاماری تیرۆر و بۆ ڕازاندنەوەی ڕواڵەت و دیمەنە شیرینەكانی ژیان كەوتنەوخۆ . ترووسكەی ئەدەب خۆی نواند و هەستی جوانی و خۆشەویستی یەكی دڵدارانەی دایەوە بە ژیان . پێویستی جێ گۆڕكە و نوێ كردنەوەی داهێنەرانە و ڕا‌زی نەبوونی بەوەی باڵا دەستە و پەل هاویشتنی خەون ئامێزانەی داهاتووی ڕاگەیاند . كۆڕ و كۆمەڵە فەرهەنگی و هونەریەكان ئەگەرچی لە سایەی سیاسەتێكی فەرهەنگی دا بەڵام زۆر بە هێژایی بزووتن و تێكۆشانی بەربڵاوی فەرهەنگی دەستی پێكرد . لەو بەستێنەوە ئەنجومەنی شیعر و ئەدەبی بانەش لە سەر بنچینە و بناخەی پەیڕەوی ئەنجومەنی ناوەندی تاران و بە یارمەتی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی دامەزرا . ساڵی 1368 بە بانگەوازێك و لە پانتاوێكی بەرتەسك دا پۆلێ لاوی لێ وەشاوەی باژێڕەكەمان قۆڵی هیممەتیان لێ هەڵماڵی و هەوری بێ بڕوایی بە خۆ و بێ دەروەستی یان ڕاماڵی ، تەوەرێكی بە هێزیان چەقاند و تۆوێكی زێڕینیان لە كێڵگەی فەرهەنگی وەشاند و یەكیەتیەكی قایم و قۆڵیان چەسپاند و تەلاری جوانی ژیان و گەورەیی داهێنانیان لە سەر دامەزراند . ئەنجومەنی شیعر و ئەدەب بوو بە مەكۆی دڵدارانی ژیان و پەپوولە بێ ئۆقرەكانی داهێنان . تیشك و گزینگی زێڕ وەشانی ڕووناك بیرانەی ئەنجومەن لە پانتایی تاریكستانەوە هەڵات و ئاوقا بە سنوورەكانی زوڵمەت و تاریكی بوو . ڕۆحە چالاكەكانی باژێڕ وەك ئەستێرە بوونە ئەڵقەی ئەم مەكۆیە و خەرمانەی ئەو شەوق و شەبەقەیان ڕۆژ بە ڕۆژ پەرە پێداوە و پەلكە زێڕینەی ئەم ناوەندە هەر لە گەشەی داوە و بۆ ساتێكیش نەڕەویوە و وەنەوزیشی بە خۆوە ڕەوا نەدیوە . ئەم چاوگە گەشە بە ورشە و گرشەیە پاڵی بە دیواری ئەستووری جەهلەوە ناوە و باوەشی گزینگی گەردەلوول ئاسای بۆ گەورەتر كردنەوەی قۆناغی بزووتنەوەی ڕۆشنبیری،پاڵی وەهێزی لە بڕان نەهاتووی بیری كوردیەوە داوە و بەو مەبەستەش دامەزراوە . بە پێی هەڵبژاردنی ڕۆژی هەشتی ڕەشەمەی هەزار وسێسەد وشەست و هەشت دەستەی دامەزرێنەرانی سەرەتایی بریتین ل‌ : 1 – عەبدولقادر بەهرامی  2 – موحەممەد ڕەزا شەهلایی 3- دوكتور گۆیژە زەنگەنە 4 – موحەممەد ساڵح خوسرەوی 5 – حاج شێخ كەمال حوسێنی  6 – عەبدووڵڵا عەبباسی 7 – ئەحمەد قادری 8 – ڕەسووڵ زارعی 9 – كەریم دافعی 10 – عەتا نەهایی  . دەستەی دامەزرێنەریش بەرانبەر بە پەیڕەوی پەسند كراوی ئەنجومەن ئەم كەسانەی خوارەوەی بۆ بەڕێوە بەرایەتی ئەنجومەن بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵ بژارد : 1- كەریم دافعی ( بەرپرس ) 2- دوكتور گۆیژە زەنگەنە ( جێگر ) 3- موحەممەد ساڵح خوسرەوی ( دەبیر ) 4– عەتا نەهایی(ئەندامی جێگر ) 5- ئەحمەد قادری( خەزانەدار ) 6- حاج شێخ كەمال حوسێنی ( بازڕەس ) . ئەم لیژنەی ئەنجومەنی شیعر و ئەدەب لە بڕواری 12/12/1368 یەكەم كۆ بوونەوەی ڕەسمی خۆی پێك هێنا . ئەم لیژنە بە شێوەیەكی هەڵسوور و كارامە بە گرتنی شەش شەوە شیعر و دانیشتنە ئەدەبیەكانی ڕۆژانی 4 و 5 و 6 / ی خەرمانانی شەست و نۆ ( سیمیناری فەرهەنگی ) بە یارمەتی ناوەندی بڵاو كردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی كوردی لە ورمێ كە لە نووسەران و شاعیران و هونەرمەندانی بە ناوبانگی كورد لە ئێران و ئێراق بەشداریان  تێدا كرد سەلماندیان كە لە باژێری خنجیلانە و بە ناوبانگی بانەدا پانتاوێكی وەها بە پیت و پێز هەیە بۆ كاری فەرهەنگی و ئەدەبی كە دەشێ و شایانی ئەوەیە كە پارسەنگی بخرێتە سەر و دەكرێ وەك تەوەرێكی بە هێزی تێكۆشانە ئەدەبی و هونەریەكان بێتە حەسێو . سەرەڕای ئەو هەوڵە بەر چاوانەش دانیشتنە حەوتەییەكانی ئەندامانی ئەنجومەنیان بە ناوچە و دەرەوە ناساند .لە ناو هەوڵی هەشت مانگ و نیوی ئەم یەكەم لیژنەیە دا خاڵێكی دیكەی بە هێز كە جێگای سەرنجە و جێی خۆیەتی كە ئاوڕی لێ بدرێتەوە سەلماندنی نیەتی مرۆڤ دۆستانەی ئەنجومەنی شیعر و ئەدەبە و بە خەمەوە بوونی هونەرمەندان و نووسەرانی بانەی ئازیز  سەبارەت مرۆڤایەتی ڕادەگەیەنێ گرتنی شەوە شیعرەكانی ڕۆژانی 28 و 29 ی پووشپەڕی 69 یە كە بۆ كۆكردنەوەی یارمەتی ماڵی بە بوومە لەرزە لێدراوەكانی ناوچەكانی گیلان و زەنجان بە ڕێوەچوون . ئەم پەلە قاژەیە كە تەنانەت بە سنووری پارێزگای كوردستانیشەوە نەگیرساوەتەوە ئاماژەیەكی بە هێزە بۆ دڵ فراوانی و بیرتیژی و مرۆ خۆشەویستی ئەو بەڕێزە هونەرمەندانەی بانە بە بێ هیچ لێكدانەوەی دەمارگرژانە و تێبینی یەكی ترلە ئەوتۆ كاتێكی ئەستەم دا .

بەم چەشنە خولی یەكەمی لیژنەی ئومەنا و ئەمینداریەتی ئەنجومەنی شیعر و ئەدەب بناخەیەكی قایم و پتەوی بۆ كاری ئەدەبی و فەرهەنگی داناو بانگهێشتی تازەشی كردەوە و تاكوو بۆ جێگیر كردنەوەی ئەندامی تازە بۆ ئەم لیژنەیە كە لێنی بڕێك لە دۆستان كە بە هۆی سەفەری درێژخایەن و هەر دژواریەكی ترەوە نەیان توانی بووبەردەوام بن پڕ بكەنەوە . ئەم هەڵ بژاردنەش كە لە ڕۆژی 15 ی گەڵاڕێزانی 69 دا بەڕێوە چوو ئەم ئەندامانەی هەڵبژارد . 1- كەریم دافعی ( بەرپرس ) 2- بارامی قادرخانزادە (جێگر ) 3- سەید كەماڵ حوسێنی ( مونشی ) 4- ئەحمەد قادری (خەزانەدار) 5- بەختیار ئەحمەدی ( ئەندامی جێگر ) 6- عوسمان یوسفی (چاودێر )  . خولی تازەی بەڕێوەبەرایەتیش هەر بەو مەبەستانەی كە ئەنجومەنی لە سەر دامەزرابوو بە پێك هێنانی لقێكیتر لە ئەنجومەن و تەرخان كردنی بۆ كۆبوونەوەی خوشكانی هونەرمەند و هونەردۆست هەنگاوێكی تازە و ڕووناكبیرانەی هەڵێنایەوە  و بۆ ئەم واحیدەش خانمی ئەفسانەی مستەفایی وەك نوێنەرێك دیاری كراو ئەم واحیدەش ڕۆژانی سێ شەممۆی هەموو حەوتویەكی بۆ كۆبوونەوەی ئەدەبی خوشكان دیاری كرد . بەم چەشنە ڕێ بۆ هەوڵ و تێكۆشانی خوشكانی هونەرمەند و هونەردۆست خۆش كرا و لە ماوەیەکی كەم دا توانی ئەو حەز و ویستە بێ ئۆقرا‌نەی ئەدەب تا ڕادەیەكی باش لە خۆی كۆ بكاتەوە . هەروەسا كارێكی دیكەی بەر چاو و جێگای سەرنجی ئەم بەڕێوەبەرایەتیەش كردنەوەی كتێبخانەی ئەنجومەنی شیعر و ئەدەب بوو ، بۆ تیژكردنی ڕەوتی خوێندنەوە و  موتاڵای ئەدەبی لە نێو ئەندامانی ئەنجومەندا . ئەم كتێبخانە لە لایەن بەرپرسی ئەو كاتەوە تەحویلی كاك شێركۆ سەلیمی و كاك ئەبوبەكر پیرووزی درا و دەستی بە تێكۆشان كرد .

بەم چەشنە ئەم لێژنەیە توانی بۆ سەقامگیر كردنی هەرچی زیاتری ئەنجومەن پانتاوێكی فراوانتر بكاتەوە و هەر لەو دەمەدا بە بەشداری دانی پۆلێك لە ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە لە شەوە شیعری ئیدارە كوللی ئیڕشادی ئیسلامی لە سنە كە بە بۆنەی حەوتوی وەحدەتە وە پێك هاتبوو دەنگی ئەنجومەنی شیعر و ئەدەبی بانەیان بە ناوچە گەیاند . یەك دوو شەوە شیعری ناو خۆیش بەرهەمی دیكەی ماوەی كاری ئەو لیژنەبوون و بە كردنەوەی ژمارە حیسابی بانكی 6120 بانكی میللی لە هاوینی  1370 دا بە سەرەنجامی خولی یاسایی خۆی گەیشت و بانگەوازی 26/ 3 / 1370 كۆتایی دەورەیەكی دووساڵەی ئەنجومەن و ئەو لیژنانەی ڕاگەیاند . لەو هەڵبژاردنەش دا ئەم ئەندامانەی خوارەوە بۆ كار و هەڵسووڕاندنی كار و باری ئەنجومەن لە دەورەیەكی دووساڵەی تردا دیاری كران : 1- كەریم دافعی ( بەرپرس ) 2- ئەحمەد نەسڕوڵڵاهی (جێگر ) 3- عوسمان یوسفی (مونشی) 4- ئەحمەد قادری (خەزانەدار)5- سەید كەماڵ حوسێنی (ئەندامی جێگر ) 6- ئەكرەم بەهرامی (ئەندامی جێگر ) 7- عەتای نەهایی (چاودێر) . ئەم لێژنەش لە تێكۆشانی دووساڵەی دا لە گرینگترین دەست كەوتەكانی ؛ بە چاپ گەیاندنی كۆمەڵێك شیعری لاو ان و شاعیرانی ئەنجومەن بوو لە ژێرناوی " تا ئاربەبای خۆشەویستی " ئەم بەرهەمە هەرچەند بڕێك لاواز و سەرەتایی بوون و ماوەیەكی زۆریش لە چاپخانە مایەوە بەڵام چونكە ڕادەی توانا و دەسەڵاتی ئەدەبی ئەو سەردەمەی ئەندامانی ئەم ئەنجومەن ڕادەگەیێنێ ؛ یادگارێكی ئازیز و خۆشەویستی ئەو هونەرمەندانەیە و خاڵێكی بەر چاوە و بەڵگەیەكە لە سەر حەز كردنیان بە پێش كەوتن و تێكۆشانی بێ وچانی لیژنە و ئەندامانی ئەنجومەنی شیعر و ئەدەبی بانە . لە دەروونی كاری ئەم لێژنە دا بە هۆی سەر هەڵدانی دوو بۆچوونی جیاواز و ناكۆكی و ناتەبایی ئەو بۆ چوونانە بڕێك دیاردە زەق بوونەوە و ئاماڵ دژایەتیەك سەری هەڵ دا كە بەچەشنێ مودارا كردنەوە گەیشتە كۆتایی كاری ئەم لیژنە و ئەم دۆخە ناهەموارە وەك جلەیەك باڵی كێشا بەسەر ئەنجومەن دا و  قەیرانێكی چەندین ساڵەی وای پێك هێنا كە تەنانەت چەندین دەورە هەڵبژاردنەوەی تووشی نسكۆ و شكست كرد . یەكەمین جەلەسەی هەڵبژاردن هەر بە گەرایی خنكا و تەنانەت دانیشتن نامەی هەڵبژاردنەكەشی نەدا بەدەستەوە . هەر وەها هەڵبژاردنی ڕۆژی 10/10/1372 كە چەند مانگ دوا وادەی یاسایی بۆ هەڵ بژاردن پێك هات بە هۆی بەشداری نەكردن و كشانەوەی دوولایەنی كێشەكە ژمارەی ئەندامانی بەشدار بەڕادەی پێویست نەگەیشت و كۆ بونەوە لە ڕووی ناچاریەوە ئەم ئەندامانەی خوارەوەی بۆ بەڕێوە بەرایەتیەكی كاتی دیاری كرد : 1- نووری ئەحمەد نژاد (بەرپرس ) 2- سەید ئەحمەد حوسێنی 3- جەماڵ حەیدەری 4- جەلال ڕەئوفی 5- ئەحمەد قادری . پاش ماوەیەكی كەم بانگهێشتی گشتی بە هۆی پێداگری دڵسۆزانی ئەنجومەن و ئەندامە بێ لایەنەه كان سەری  گرت و هەڵ بژاردنێكی دیكە لە سەرەتای ساڵی 1373 دا بە ڕێوە چوو كە تێیدا ئەم لیژنەی خوارەوە هەڵبژێرا :1- جەلال ڕەئوفی (بەرپرس) 2- سۆران حوسێنی (جێگر) 3- جەماڵ حەیدەری (خەزانەدار ) 4- نووری ئەحمەد نژاد (چاودێر) 5- مەجید مستەفایی ( ئەندامی جێگر) . ئەم لیژنەش بۆ ماوەی یەك ساڵ بەڕێوەبەرایەتی ئەنجومەنی بە شێوەیەكی شێلگیر و جیددی و‌ئەستۆ گرت ، بەڵام هەر بە هۆی كار تێكردنی كێشە و دژایەتی لایەنێكی ئەو كێشەیە ناچار بە پاشەكشە كرا و لەم پێوەندیەدا بڕێك خاوی و دەس تێوەردانی ئیدارەی ئیڕشادیش دەورێكی بەرچاوی گێڕا . ڕۆژی 24 ی ڕەشەمەی 1373 كۆبوونەوەیەكی گشتی بۆ چارەسەر كردنی ئەم كێشە دا سەپاوە پێك هات بەڵكوو بتوانێ بنەبڕی بشێوێنێ و ناتەبایی و دژایەتی بكات بەڵام چونكە بەستێنێكی ئاشكرا و ڕوون بۆ دەربڕینی ناتەبایی لە لایەن هیچ كام لە لایەنە سەرەكیەكان لە گۆڕێ نەبوو و هەرچی بوو لە هەڵوێستی ناو هەڵبژاردنە كاندا خۆی دەنواند و چارەسەركردنی ئەوتۆ نەخۆشیەكی ون و دیار ئەستەم و دژوار بوو. هەر بۆیە ئەو كۆبوونەوە چوار كەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی بۆ ڕاوێژ كردن لە گەڵ لایەنەكان و ڕێ خۆش كردنی هەڵبژاردنی داهاتوو دیاری كرد .ئەو چوار كەسەش بریتی بوون لە 1- جەلال ڕەئوفی 2- سۆران حوسێنی 3- جەماڵ حەیدەری 4- مەجید مستەفایی . ئەم چوار كەسەش پاش هەوڵێكی حەفتا ڕۆژە سەرەنجام ڕێیی بۆ هەڵبژاردنی چواری جۆزەردانی حەفتاو چوار خۆش كرد كە ئەو كۆ بوونەوە بە بەشداری بەرچاو و چالاكانەی ئەندامانی ئەنجومەنی شیعر و ئەدەب توانی ئەم لێژنەی خوارەوە هەڵبژێرێ :1- ئەحمەد نەسروڵڵاهی ( بەرپرس ) 2- سۆران حوسێنی (جێگر) 3- جەلال ڕەئوفی (دەبیر) 4- جەماڵ حەیدەری (حیساب دار) 5- محەممەد مەحموودی ( ئەندامی جێگر) 6- لەیلا كەریمی (ئەندام ) . ئەم لێژنەیە بە توانایی و دەسەڵاتێكی باش و بە تێبینی ورد و هەڵسەنگێنەرانە هەردوو لایەنی كێشەی بەقەناعەتێكی ئەوتۆ گەیاند كە ڕێگا بدەن ئەم لێژنەیە بۆ ڕێكخستنەوەی كار و باری ئەنجومەن خۆی تەرخان بكات و خۆ لە ئاستی ئەو كێشەیە بپارێزێت و سەرەنجامیش تا كۆتایی خولی دووساڵەی بەو پەڕی لێ بوردنەوە هەوڵی بێ پسانەوەی دا و هەر خۆشی داوای هەڵبژاردنەوەی كرد و داوا كاریەكەی ئەو لێژنەیە و بە داوای ئیڕشادی ئیسلامی لایەنێكی كێشەی ناو براو هاتەوە ئارا و ئەم هۆیەش بە ڕاگەیاندنی ئەو داواكاریانەی پێشوو، بڕێكی دیكەشی كۆسپ دروست كرد كە ئەویش بە دەستە بەر بوونی هەڵ بژاردنەوەی ڕۆژی 10/7/1376 بۆ ماوەیەكی دیكە كپ بۆوە . هەڵبژاردنی ئەو ڕۆژە پەیڕەوێكی تازەی پەسند كرد كە تێیی دا باسێك لە لێژنەی دامەزرێنەر نەهاتووە و تەنیا لێژنەیەكی پێنج كەسی بۆ بڕێوەبەرایەتی تێدا گونجابوو كە هەر دوو ساڵ جارێك هەڵبژێردرێتەوە . هەڵبەت ئەم پەیڕەوەش لە سەقز و سنە پێشتر پەسند كرابوو و ئەمە ڕێگایەكی باش بۆ ڕزگاری لە ناكۆكی و كەم كردنەوەی دەسەڵاتی لیژنەی دامەزرێنەرانی پێشوو بوو  . لێژنەی تازە كە بریتی بوون لە : 1- سۆران حوسێنی ( بەرپرس) 2 - - جەلال ڕەئوفی (جێگر) 3- عەبدولقادری سیمایی (دەبیر) 4- حومەیرا موحەممەد ئەمینی ( ئەندامی جێگر ) 5- موحەممەد مەحموودی ( ئەندامی جێگر ) . كە بە هۆی پاشە كشەی كەسی سێهەم و چوارەم عەلی مەحموودی ( حیسابدار) و ئومید گەوهەری ( ئەندامی جێگر ) لە كۆ بوونەوەیەكی نائاسایی دا هەڵبژێردران . ئەم لێژنەیە پاش خولێكی دووساڵە  لە تێكۆشانی خۆی توانی ئەنجومەن ڕێك خاتەوە و چوار لقی جیاواز لە ئەنجومەن بۆ كاری ئەدەبی و فەرهەنگی بكاتەوە . بۆ هەر كام لە بابەتەكانی شیعر و چیرۆك ، وەرگێڕان و زمانەوانی ڕۆژێكیش لە ڕۆژەكانی حەوتوو  دیاری كرا و هەر لقێكی ئەنجومەنیش لە نێو خۆی دا بەرپرسی ئەو لقەی هەڵ بژارد .كاك عەبدولقادری سیمایی بەرپرسی لقی زمانەوانی، كاك شەهرام مەحموودی بەرپرسی لقی چیرۆك، خانمی فاتمەی ئیبراهیم زادە بەرپرسی لقی وەرگێڕان ،لقی شیعریش لە ژێر چاوەدێری بەڕێوەبەرایەتی دا بەم چەشنە یەكەم بەرپرسەكانی ئەم لقانە توانیان كاری سەقامگیر لەو بەستێنە جیاوازانەدا كۆ بكەنەوە و هەر كام لە ئەندامانی ئەنجومەنیش بە پێی ئیرادە و ویستی خۆیان ڕوو بكەنە كۆ بوونەوەكانیان . گرتنی یەكەم فستیڤاڵی چیرۆك بە بەشداری چیرۆك نووسانی شارەكانی سنە ، بۆكان ، بانە و یەكەمین كۆبوونەوەی شاعیرانی لاو و چەندین شەوە شێعری ناوازەی وەك شەوە شێعری مەحوی ونالی و  حەوتووی كتێب و ... ئاماژەیەكی بە هێزن بۆ بەرهەمی كار و ڕ‌ەنگ دانەوەی گەرمی دابەشكردنەكان و بەڵگەی پەرەگرتوویی كاری فەرهەنگی و ئەدەبی ئەنجومەن  . هەروەها ئەم لێژنەیە بە بانگەوازی گەرم بۆ لە نێو بردنی ناكۆكی و گوێ گرتنی دەنگە ناڕازیەكان لە دوو كۆڕی جیاوازا توانی هەموو ئەندامان و لایەنەكان لە دەوری ئەنجومەن بگەیەنێتەوە بە یەك و سەرەنجام بە هەڵ بژاردنەوەی ڕۆژی 11 ی سەرماوەزی 1378 كۆتایی بەهەر چەشنە ناتەبایی و ناكۆكیەك بێنێ و بۆ جێ بەجێ كردنی تەبسەرەی یەكەمی مادەی پێنجی ئەساسنامە لێژنەی دووهەمی دامەزرێنەری هەڵبژاردە كە بریتی بوون لە : 1- ئەحمەد نەسروڵڵایی 2- سۆران حوسێنی 3- كەریم دافیعی 4- جەلال ڕەئوفی 5- گوڵاڵەی موحەممەدی 6-  عەبدولقادری سیمایی 7 – عەلی مەحموودی 8- ئومید گەوهەری 9- پەری كەریمی نیا 10 – عەلی یونسی   ئەم لێژنەیە بەڕێوەبەرایەتی نوێی بۆ تێكۆشانێكی دوو ساڵەی تر دیاری كرد كە بریتی بوون لە : 1- سۆران حوسێنی(بەرپرس) 2- عەبدولقادری سیمایی( جێگر ) 3- عەلی مەحموودی (خەزانەدار ) 4- ئومید گەوهەری(ئەندامی جێگر ) 5- گوڵاڵەی موحەممەدی (چاودێر ) . بەم شێوەیە دەوەریەكی دووساڵەی تازە بۆ بەڕێوە بەرایەتی ئەنجومەن دیاری كرایەوە و بەم هەڵبژاردنەو بە سپاردنی ئەنجومەن بە لیژنەی بەڕێوەبەرایەتی نوێ كارنامەی دەساڵ كار و تێكۆشانی ئەنجومەنی شیعر و ئەدەبی بانە گەیشتە كۆتایی  .

سۆران حوسێنی

خانه    کارگاه داستان     شعر     مقاله‌      گزارش     گفتگو‌     کتاب   فستیوال    پیوندها