Bane Literary Society

انجمن ادبی بانه‌

 

سه‌ره‌تا     چیرۆک     شێعر      وتار      هه‌واڵ      وتووێژ     کتێب     فستیڤاڵ   دراوسێکان

 

« لێواری حەوزەکەو چەن دەقەی تر»

لە حەوزەکەدا راکشا بویت ، تەنیا سەرت بەدەرەوەبوو .چاوەکانت بەستبوون ، عارەق لە نێو چاوانت دەتکا . وادیار بو لەو ئاوە ساردەیا هەستت بەگەرمایێکی زۆر ئەکرد . ئەو حەوزە هەموو کەست بوو.دایکت لەژوورەوە تەزبێحێکی بەدەستەوە بوو، زکری پێ ئەکرد . لەسەر حەوزەکە هەر دوو قاچت خستبووە ناو ئاوەکە . لەنا کاو قاچت بە توندی لەئاوەکە دەرهێنا .سەیرت کرد . ماسییەکی سوور بوو ، ئەو ماسیە کەلە هەموویان بچوکتر بوو و نەورۆزی ئەمساڵ لەدەوری فەلکەی ساعەت کڕیبووت .ماسییەکە برسی بوو . هاتبووە پەنای قاچت و دەمی خێرا خێرا پێکا ئەدا .برا چکۆلەکەت لەژوری دواوە خەریکی کێشانەوەی ماڵێکی جوانکیلانە بوو ، دوو ، سێ گوڵی گەورەتر لەماڵەکەشی کێشا بوو . لە پەنجەرەی ژورەکەوە سەیری کردی . شیشەی پەنجەرەکە هێشتا قوڕ و تۆزی بارانی دوێکەی پێوەمابوو . جوان ناو حەوشەکە دیار نەبوو.لەچکەکەت داناو قژە قەترانیەکان هاتنە بەر دەستت .تا سەر ئەژنۆت ئەهاتن . دات ئەهێنان . جار جار لەئاوی حەوزەکە تۆزێکت هەڵئەگرتوو بەدەم و چاوتا ئەکرد و ئەدبرد بۆ دەمت ؟ماسیە چکۆلەکە بەشێواندنی ئاوەکە ئەترسا. لەناو شەپۆلەکانا خۆی ون ئەکرد. جار جاریش خۆی بە سەر ئاوەکەیا رائەکێشا .ماسیەکەو حەوزەکەو تۆ و هەموو دونیا بەرەو پاییز ئەرویشتن . بەرەو زەرد بوون .گەڵاکان زەرد ببون و حەوشەکە و حەوزەکەیان داپۆشی بوو .هاتیە ژوورەوە، دایکت هەر لەسەر بەڕماڵەکە بوو، ئایەتەلکورسی ئەخوێند . تەواوی کردبوو، فویەکی بەدەستی کردوو  بە هەموو لەشیا هینا، روی کردە تۆ، فویەکی لەتۆش کرد . براکەت لەسەر دەفتەرەکەی خەوی لێ کەوتبوو .چویتە ژوورەکەت، خۆت حازر کرد و رۆیشتیتە دەرەوە لە ناو درگاکەیا ئاوڕێکت دایەوە وتت:
 ـ دایە ، باوکم کەی دێتەوە.

 ـ دایکت ، فرمێسک ، چاوە سوورەکانی . ئیتر بێدەنگی .

 هیچ قسەیەک پێویست نەبوو چون هەموو وەڵامەکانی ئەم پرسیارە وەک یەک وابوون .دوانزەی شەو ، سەر پردی شار ، کچێک، تەنیا . بە چرای ماشینەکان تاوێک سوورت ئەنواند و تاوێک زەرد ، تاوێکیش تاریکی چوار دەوری ئەگرتی . مانگ بەنازەوە خۆی ون ئەکرد . ئەم مانگە هەر ئەو مانگەی ناو حەوزەکەبوو کەشەوانێکی زۆر بە دیاریەوە خەوت لێ کەوتبوو و خەوت پێوەدیبوو.

 ماڵی خۆتان ، ساعەت دەی بەیانی ، تەنیایی تۆو حەوزەکەت . ئاوێکت بە چاوتا کردو ماسییەک سەیری کردی . ماسیە سوورە چکۆلەکە. ئەگریا، بەڵام لەئاو دا گریان مانای نیە وەکوو پێکەنینی شێتێکە لەشێتخانەیەکدا بەئیشتیای دڵی خۆی .گەڵاکان زەرد و سوور ببوون و حەوش و حەوزەکەیان داپۆشیبوو. لەو هەموو ماسییەی بۆ سەر سفرەی نەورۆز کڕیبووتن ئێستا تەنیا سیانیان مابوون. دایکت سەر حەوزەکەی ماڵی و گەڵاکانی لابرد. دوو ماسییە گەورەکە لە خوارەوەی حەوزەکە مەلەیان ئەکرد. ماسییە سوورە چکوولەکە لە ژوور ئەوانەوە سەیری سەرەوەی ئەکرد. لە بەر شێواوی ئاوەکە جوان نەیئەدی. تەنیا دەستێک بوو گەڵاکانی لائەبرد. ئاوەکە هێمن بۆوە.چاوی بەدایکت کەوت کە خراپ سەیری ئەکرد و راچڵەکا و چووە خوارترەوە، ترسابوو.

ماسییەکەت غەمگین بوو . حەزی لێ بوو پڕ بە دڵ گلەیی بکات لەدونیا ، لەدایکت کەخراپ سەیری کردبوو و ترساندبووی ، لەماسییەکانی تر ، لەئاوی حەوزەکەو زۆر شتی تر ...

 دەم و چاوت بەقۆلە کراسەکەت وشک کردەوە و لەچکەکەت دانا . ماسیەکە سەیری ئەکردی . زیاتر سەیری روومەتە سوورەکانی ئەکردی کەوەک پوڵکەکانی خۆی ئەدرەوشانەوە .

 گرێی قژەکانت لەبەر هەتاوەکەدا نەکردەوە . چون قژت ئەوەندە نەمابوو تا گرێی بدەیت. ئێستا قژەکانت لە قژە چەورەکانی کوڕە پۆرخزەکەی دراوسێتان ئەچوو . دایکت بۆی بڕیبووی ... ماسیەکە چەن دەقەیەک سەیری کردبووی .. ئەمجارەش غەمگین سەیری کردبووی .ماسیەکان برسیان بوو ،هەموویان هاتبوونە سەر ئاوەکە . بێجگە لە ماسیە چکۆلەکە ئەمە زۆر سەیر بوو کە ماسیەکان تا ئەو رادە بێنە سەر ئاوەکە و دەمیان بکەنەوە و بەوچاوە زەقانەیانەوە سەیری ئاسمان بکەن تا بەڵکوو....

 زۆر جار وەک ماسی دەمت ئەکردەوەو قسەت ئەکرد بەڵام قەتم گوێ لێت نەبووە . خوازبێنی کەرت زۆر بوو . هەر کەس بیبینیایە  وا شەیدای ئەو لێوەگەشانەو و ئەو چاوە پڕ لەخەمانەو ئەو پرچە پڕ لەئەفسونانەت ئەبوو کەئێستا تۆزێکیان مابوو.
ـ وەڵڵا مناڵە

ـ شووناکات

ـ کەبانووم نیە

ـ دەرس ئەخوێنێ

....

 بەڵام زۆر شەیداتر لەوە بووی کە عاشق بووبیت . نان خواردنیشت لەبیر چووبۆوە ، تەنیا تۆ بوویت و حەوزەکەت . ئەو سەر حەوزە بیری شتێکی ئەهێنایتەوە . بیری ئەو رۆژە کە لە ناو حەوزەکەیا لەگەڵ ماسیەکەیا بوون و و سەیری چاوەکانی یەکترتان کردبوو.ئیتر بە لێستنەوەی قاچەکانت بەدەمی ماسیەکە زیز نەئەبویت . پێی ئارام ئەبووی . بۆت ئەبووە دەرمانی دەردەکانت ، دەردێکی نادیار ، نادیار تر لەدڵی بچوکی ماسییەکە .لە لێواری حەوزەکە راکشابووی، لە ئاسمان رووت تر. نیوەی قژەکانت لەناو ئاوەکەیا بوو . ماسیە چکۆلەکە لەسەر دەمت لێوەکانی ئەلستیەوە.

بەفرانباری 83

رضا سوری

خانه    کارگاه داستان     شعر     مقاله‌      گزارش     گفتگو‌     کتاب   فستیوال    پیوندها